Skip to main content

عێراق: ئەنجامنەدانی لێپرسینەوەی یاسایی لە پێشێلکاری جدی

تێپەڕبوونی تاوانەکانی کوشتن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بەبێ سزا

ژنێک دەنگی خۆی دەدات لە دەنگدانە گشتییەکەی١٠ـی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ لە وێستگەیەکی دەنگدان لە بەغدا. © 2021 ئەیمەن یاقوب/ ئاژانسی ئەنادۆڵ لە ڕێی گێتی ئیمیجەوە

(بەیروت)—ئەمڕۆ هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتە جیهانیەکەی ساڵی ٢٠٢٢یدا ووتی، لە ساڵی ٢٠٢١، حکومەتی عێراقی شکستی هێنا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لە لێپرسینە و سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسیار بوون لە ئەنجامدانی تووندوتیژی و پێشێلکاری لەدژی خۆپیشاندەران و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و  ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لە دەسەڵاتدارە سیاسیەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەگرت.

پێشێلکاریەکان بریتیبوون لە ڕەشبگیری، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و کوشتن. لەم بارودۆخەدا کە یاسا سەروەر نەبوو، گروپە چەکدارەکان لەڕێی سێ درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە بۆ سەر ماڵەکەی، هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیران موستەفا کازمیان دا لە ٧ی تشرینی دووەم.

بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای قەیران و جەنگ لە هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، "هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیران موستەفا کازمی بە ڕوونی ئەوەی نیشاندا کە یاسا بەسەر گروپە چەکدارەکاندا جێبەجێ ناکرێت. تەنانەت ئەم گرووپانە سڵ ناکەن لە ئەنجامدانی هێرشێکی بوێرانەی لەم جۆرە بۆ سەر سەرۆکی ووڵاتەکە."

لە ڕاپۆرتە جیهانیەکەی ساڵی ٢٠٢٢ ی چاپی ٣٢یدا، هیومان ڕایتس ۆوچ پێداچوونەوە بە بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ لە نزیکەی ١٠٠ ووڵاتی جیهاندا دەکات. بەڕێوەبەری جێبەجێکار کێنس ڕاس تەحەدای ئەو بیروڕا باوە دەکات کە دەڵێت تاکڕەوی لە جیهاندا لە پەرەسەندندایە. سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی دەستگیرکردن و کوشتن یان برینداربوون بە فیشەک، لە ووڵات لە دوای ووڵات، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بەم دواییانە ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەمەش ئەوەی نیشاندا کە خواست بۆ دیموکراسی لە جیهاندا هێشتا زۆر بەهێزە. لە هەمان کاتدا، دەسەڵاتە تاکڕەوەکان بەردەوام بۆیان دەردەکەوت کە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە لە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی خۆیان. بەڵام ڕاس دەڵێت کە هێشتا دەبێت سەرکردە دیموکراتخوازەکان کاری باشتر بکەن و هەوڵی زیاتر بدەن لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە نەتەوەیی وجیهانیەکان و دڵنیابوون لەوەی کە دیموکراسی بەڵێنەکانی جێبەجێدەکات بۆ خەڵک.

لەماوەی خۆپیشاندانەکان کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستیپێکرد و بەردەوام بوو تا کۆتایی ٢٠٢٠،  پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان، بە هێزەکانی حەشدی شەعبیشەوە کە بەشێوەیەکی ڕووکەش لەژێر کۆنترۆڵی سەرۆک وەزیراندایە، بووە هۆی کوشتنی لانی کەم لە ٤٨٧ خۆپیشاندەر لە بەغداو شارەکانی باشووری عێراق. کاتێک مستەفا کازمی بووە سەرۆک وەزیران لە مانگی مایسی ٢٠٢٠ کۆمیتەیەکی دروستکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران، بەڵام تا مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ ئەو کۆمیتەیە هیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوەکانی ڕانەگەیاندبوو.

لە مانگی شوبات، حکومەت دەستگیرکردنی ئەندامانی "گروپی مەرگی" ڕاگەیاند کە گوایە بەرپرسیاربوون لە کوشتنی سێ چالاکوان لە شاری بەسرە. لە مانگی حوزەیران، دەسەڵاتدارانی بەغدا دەستگیرکردنی سێ ئەفسەری پلە نزمی هێزە ئەمنیەکانیان ڕاگەیاند کە پەیوەندیان هەبووبوو بە توندوتیژیەکانی دژی خۆپیشاندەران، ئەمە جگە لە ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی پیاوێک کە گوایە بەرپرسیار بووە لە کوشتنی توێژەری سیاسی هیشام هاشمی. تەنها یەک پۆلیس دادگای کراوەو سزای مردنی بەسەردا سەپێنراوە لە مانگی تشرینی دووەم بە تۆمەتی ئەندام بوون لە گرووپی مەرگ.

لە ١٠ی تشرینی یەکەم، عێراقیەکان دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ بەڵام ڕیژەی دەنگدان تەنها ٪٣٦ بوو. بزووتنەوەکەی ڕابەری دیاریی شیعە؛ موقتەدا سەدر زۆرترین ژمارەی کورسی بەدەستهێنا لەو هەڵبژاردنە ئاشتیانەدا. سەرەڕایی کۆششەکانیان لەپێناو ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەیە، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم ئاشکرا کرا بزوتنەوەی گەنجان تەنها ١٥ کورسیان بەدەستهێنا. هەندێک لە سەرکردە گەنجەکان لە ترسا و نەیانتوانی خۆیان کاندید بکەن لەو هەڵبژاردنەدا لەبەرئەوەی هەڵهاتبوون و ماڵ و حاڵیان جێهێشتبوو؛ هەندێکی تریش لە گەنجان بێهیوا بوون و هەستیان کرد دەنگدان هیچ شتێک لەبابەتەکە ناگۆڕێت.

لە ساڵی ٢٠٢١، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کەیسی لەدژی ڕۆژنامەنووسان جوڵاند بەهۆی نوسینەکانیانەوە. لە مانگی شوبات، دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سێ ڕۆژنامەنووس و دوو چالاکواندا سەپاند. لە هەریەک لە دادگایکردنەکاندا پێشێلکاری یاسایی جدی هەبوو لەگەڵ دەست تێوەردانی سیاسی لەسەرئاستی باڵا. دادگا هەستا بە ڕەتکردنەوەی بانگەشەی بەرگریکارەکان لەوەی ئەشکەنجەدراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە و ووتی کە بەڵگەی پێویستیان نیە بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشانە. ڕۆژنامەنووسێکی تر لە مانگی حوزەیران و ئەیلول سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا بە تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی مۆبایل" و ناوزڕاندن. چوار ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی تر لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستگیرکران و سزای یەک تا دوو ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا لە ٨ی تشرینی دووەم. کارگێڕ عەباس و بەنداوەر ئەیوب سزای ساڵێک و دوو مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا. شیروان تەها سزای دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانی درا. مەسعود عەلی سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا درا.  

وویڵی ووتی، "جێگەی مەترسیە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان هەڵدەستن بە سزادانی خەڵک بەهۆی پەیڕەوکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو هەموو کەموکورتی و هەڵەیەی لە پرۆسەی دادگایکردنەکانیاندا هەیە. سزادانی ئەم کەیسانە ناردنی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بێدەنگ کردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن."

Your tax deductible gift can help stop human rights violations and save lives around the world.

Region / Country